دیدگای خانیا
هیچ کۆمەڵگەیەك، بەبێ چەسپانی بنەما زانستییەکان و بیرکردنەوە زانستییەکان، ناتوانێ لە هیچ بوارێکدا بگاتە ترۆپک و گەشەسەندن.
کۆمەڵی کوردەوارییش، بەهۆی بارودۆخە سیاسی و مێژووییەکەیەوە، دەستی بە بنەما زانستی و بیرکردنەوە زانستییە سەردەمییەکان نەگەیشتووە، ئەوەش کاریگەریی خستووەتە سەر ژیانی شارستانییانەی و لە هەموو بوارێکدا بۆی بووەتە ئاستەنگ.
خانیا ئەو توانا کۆمەڵایەتی و وزە مێژووییە بۆ بووژانەوەی زانستی لە کوردستاندا دەبینێت و هەوڵ دەدات کۆمەڵگەیەکی کاریگەر بە زانست و بیرکردنەوەی زانستی دروست بکات.
لە دیدگای خانیادا، زانست ڕزگارکەرە و کلیلی گەشە و پێشکەوتنی تاك و کۆمەڵایەتییە، هەر لەبەر ئەوەشە گەر لەم پانتاییەدا توانا و پێداویستی و خواستەکان پێک نەگەیەندرێن، هەلومەرج و زەمینەی کۆمەڵگەیەکی زانستی و خۆشگوزەران نایەتە کایەوە.
ئەکادیمیا چییە؟
هەمیشە مرۆڤ لە هەوڵی ئەوەدا بووە ئەو شارەزاییەی لە ئەنجامی ئەزموونی ژیانی تایبەت و تێڕامان و بیرکردنەوە و دووبارەکردنەوە بەدەستی هێناوە، بۆ نەوەکانی دوای خۆی بیگوازێتەوە.
ئەمەشی بە شێوەی جیاجیا وەك، هونەر، نیگارکێشان، چیرۆک و گێڕانەوە، گۆرانی و ئاواز، ئەفسانە و ئایین، ڕاهێنان و مەشقی دووبارەکردنەوە بگوازێتەوە.
ئەمانەش بە تێپەڕبوونی کات شێوەی تایبەت پەیدا دەکەن و لە شوێن و کاتی جیادا بە شێوەی جیا دەردەکەون.
ئەکادیمیا ناوی ئەو شوێنەیە کە پلاتۆ، فەیلەسوفی ناوداری گریکی، تێیدا بە میتۆدی دیالیکتیکی و گفتوگۆیی، هەوڵی دەدا وەڵام بۆ لایەنە جۆربەجۆرەکانی ژیان و کایە کۆمەڵایەتی و سیاسی و هزری و خوداناسی و فیزیکی و مێتافیزیکییەکان بدۆزێتەوە.
خەڵکانێکك فێر بکات، چۆن بیر بکەنەوە، چۆن بزانن بەهاکانی: دروست و نادروست، جوان و ناشرین، باش و خراپ، بوون و نەبوون، حەق و ناحەق، سوود و زیان، جیا بکەنەوە و بناسنەوە.
لەوکاتەوە تا ئێستا، لەپاڵ هەموو شێوەکانی زانین و مەعریفە، مەعریفە و زانینی ئەکادیمییانە لەبرەودا بووە و بووە بە پێوەرێک، بۆ شێوازێکی تایبەت لە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و خوێندن، بە ناوی ئەکادیمیا، یا ئەکادیمیانە، کە تێیدا هەر جۆرە دەستهاوردێکی زانستیی ئەکادیمییانە، بە بێلایەنی و بە لۆجیکی و ئاوەزمەندی دەناسرێنەوە و ئاماژەیان بۆ دەکرێت.
بۆچی لە کۆمەڵگادا پێویستە پەرە بە زانست و توێژینەوە بدرێت؟
1- بەرزکردنەوەی ئاگایی گشتی
زانست نەک هەر بەتەنیا کێشەکان چارەسەر دەکات، بەڵکوو ئاستی تێڕوانینەکانیش بەرزتر دەکاتەوە. پەرەپێدانی زانست لەناو کۆمەڵگا بە واتای پەرەپێدانی گەشەی کۆی کۆمەڵگا.
2- ڕووبەڕووبوونەوەی نەزانی
نەزانین و بێزانیاری و نەشارەزایی، کۆمەڵگە لاواز و دەرمارگیر دەکات. زانست بەربەست و چارەسەری ئەم گرفتانەیە.
3- داهاتوویەکی باشتر
تەکنەلۆژیا، تەندروستی، پەروەردە، هونەر، سیاسەت، ئابووری و کشتوکاڵ، لەسەر پەرەپێدانی زانست و تویژینەوە وەستاون، کەوایە بۆ ئاییندەیەکی باشتر لە هەر کۆمەڵگەیەک، پێویستمان بە پەرەپێدانی زیاترە.
4- بەرپرسیارێتی
ئەگەر زانستێک و لێهاتووییەکمان هەبێت و بتوانین ئەم زانست و لێهاتووییە بە کەسانیتر بگەیەنین، بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقیشمان هەیە کە ئەم زانست و لێهاتووییە بخەینە بەردەستی ئەوانیتر و کۆمەڵگە.
گرنگیی هەبوونی مۆڵەتی فەرمی
ئەكادیمیای خانیا وەك ڕێکخراوێکی ناحکوومی لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خاوەنی مۆڵەت و ڕێگەپێدانیی فەرمییە.
ئەکادیمیا هەوڵێکە بۆ پەرەپێدانی زانست و توێژینەوە بە شێوەیەکی خۆنەویستانە و قازانجنەویستانە. (لە دیدگای خانیا، ئەمە بە شێوەیەکی وردتر و ڕوونتر باس کراوە).
بۆچی لەناو چوارچێوەیەکی یاساییدا خۆمانمان ڕێک خستووە و کار دەکەین؟
1- متمانە و شەرعییەت
چالاکیی زانستی و توێژینەوە بەشیوەیەکی یاسایی و لە چوارچێوەیەکی فەرمی و ڕێکخراوەییدا هاوکارە بۆ متمانەی یاسایی و زانستی و کۆمەڵایەتی.
ئەم متمانەیەش دەبێتە هاندانی زیاتر بۆ خوینەران، بینەرانمان، هاوکاران و هاوبەشانمان، هەروەها گرنگیی هەیە بۆ دامەزراوە و سەنتەرە فەرمییەکانی، بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری هاوبەش و هەماهەنگیی زانستی.
2- پشتیوانیی یاسایی و کارگێڕی
کارکردن بەشێوەی یاسایی و لە چوارچێوەی ڕێکخراوەییدا لە بەرامبەر مەترسییەکانی وەك: دزینی زانستی، تۆمەت و بەلاڕێدابردن، دەمانپاریزێت و پشتیوانی لە وەرگرتنی مافی ئەکادیمیاکەمان دەکات.
3- سەرچاوە زانستییەکان
ئەکادیمیا بەشێوەیەکی فراوان و بەردەوام پێویستیی بە کتێبخانەکان، تاقیگەکان، تۆڕە زانستییەکانی ناوخۆ و دەرەوە هەیە و ئەم پێویستییانە بۆ ژیانی زانستی و توێژینەوەیی ئێجگار گرنگن و بەبێ هەبوونی مۆڵەتی فەرمی هەرگیز ناتوانین دەستمان بەم سەرچاوانە بگات.
4- دارایی و سەرچاوە داراییەکان
بەشێکی زۆری ئەو دامەزراوانەی کە هاوکاریی دارایی و سپۆنسەر و فەندی زانستی دەکەن، بەتەنیا لەگەڵ ئەکادیمیا فەرمییەکان کار دەکەن و داواکار و خوازیاری مۆڵەتی یاسایین.
5- شەفافییەت
چالاکی و بەرهەمی زانستی دەبێت شەفاف و ڕوون بن، بۆ ئەمەش کارکردن لە چوارچێوەی فەرمی و یاساییدا ناچار بە بەرپرسیارێتی و کارکردنێکی پیشەییانەمان دەکەن.
خانیا بەشێوەیەکی ئەکادیمیانە و بە میتۆدە جۆربەجۆرە زانستیە کان گرنگی و پەرە بە بڵاوکردنەوە و ناساندنی هەر یەك لە:
فەلسەفە و هونەر، هزر و ئەدەب، زانست و زانین، کولتوور و نەریت دەدات.
بەشداری لە بۆنە و کۆنفڕانس و چالاکییە زانستییەکان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات دەکات.
زانست لە چوارچێوەی ئەنجوومەنە زانستییەکان و ناوەندە زانستییە داخراوەکاندا دێنێتە دەرەوە و تێکەڵ بە ژیانی شەقام و خەڵک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەکاتەوە.
هانی توێژەران و لێکۆڵەرەوەکان دەدات بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی زانستی لە بوارە ئەکادیمییە جۆربەجۆرەکان.
گرنگی بە پێگەیاندنی توێژەر و لێکۆڵەرەوەی زانستی دەدات.
6- بەش و فاکڵەتییەکانی ئێمە
لە چوارچێوەی کاری ئەکادیمیاکەماندا هەر یەک لە فەلسەفە و هونەر، هزر و ئەدەب، زانست و زانین، کولتوور و نەریت وەك فاکڵەتیی سەربەخۆ کار دەکەن و لە هەر یەکێک لەم فاکڵەتییانەش بەشی تایبەت و جیاواز بونیاد دەندرێن؛ بۆ نموونە ئەکادیمیاکەمان فاکەڵەتییەکی تایبەتی دەبێت بە زانست و لەناو ئەم بەشەدا هەر یەک لە زانستەکانی فیزیا و کیمیا و بایۆلۆژی و سەرجەم زانستە سروشتی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی و بازرگانی و کارگێڕی ...هتد بەش و گروپی خۆیانیان دەبێت و لە ئاییندەی ئەکادیمیادا بە هێزی خۆیان بەشدار دەبن لە پەرەپێدانی زانست و توێژینەوە لە کۆمەڵگاکەماندا
7- ئێمە و زانست
زانست لە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی زۆرێک لە گەلانی جیهان بە دوو واتا دێت: یەکەمیان و کۆنترینان بە واتای "زانین" لە بەرامبەر "نەزانین"دا بەکار هاتووە؛ گوتراوە ئەم کەسە یان ئەو کەسە زانستێکی پێیە، زانستێکی هەیە؛ وەک بڵێی شتێک دەزانێت کە ئەوانیتر نایزانن.
کەوایە لە سەرەتادا زانین لە بەرامبەر نەزانیندا بە واتای (دانایی و حیکمەت) بە زانست ناو نراوە و کەسی هەڵگری ئەو زانیارییەش وەک زانا بینراوە؛ جا بۆ هەر بوارێک و بە هەرشێوە و ڕێگایەک بووبێت.
لە واتای دووەمدا، بە زانینێک کە لە رێگایەکی ئەزموونیی ڕاستەوخۆ و هەستییەوە بەدەست هاتبێ گوتراوە "زانست"، لە ئینگلیزیی ئەمڕۆماندا بە زانست لە واتای یەکەم دەگوترێت KNOWLEDGE و بە واتای دووەم دەگوترێت SCIENCE. لە عەرەبی و بەشێکیتر لە زمانی وڵاتانی رۆژهەڵات بە هەردوو وشەکە دەڵێن "علم".
هەمیشە پرسیار لەبارەی چیەتیی زانستەوە یەکێک بووە لە پرسە دژوارەکان، لە هەر سەردەمێکدا وەڵامی ئەم پرسیارە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و بابەتەکانی زانستیش لەگەڵیدا گۆڕاون، لقەکانی زانست، جۆرەکانی زانست و سنوورەکانی زانست.. هتد هەموو ئەمانە پرسیارن و دەکرێ لە ئاییندەدا زیاتر لەبارەیانەوە بکۆڵینەوە.
بەڵام زانست بە میتۆد و بابەتی ئەزموونە هەستییەکانەوە لەمڕۆدا پانتایەکی گەورەی لە پێشکەوتنەکانی وڵاتان گرتووە، ئێمەش وەك خانیا بەشێوەیەکی گشتی، سەرنجمان لەسەر زانست بە واتای دووەمە و بەو هیوایەی رۆژانێک لە کۆمەڵگای ئێمەشدا ئەو بۆشاییە گەورەی زانست پڕ بکرێتەوە و بە ئەندازەی سەنگ و کاریگەریی خۆی، لە ڕەوتی پێشکەوتنی زانست سوودمەند بین.