پەیامی خانیا لە بارەی هێرشە دوژمنکارییەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان
چەندین ڕۆژە، چەکدارە توندڕەو و توندوتیژەکانی دوێنێ و داگیرکەرەکانی ئەمڕۆی دەسەڵاتی سووریا، هێرشێکی چڕ و داگیرکەرانەیان بۆ سەر گەلی کوردستان لە ڕۆژئاوا دەست پێ کردووە. ئەم هێرشانە ئامانجی سەرەکییان جگە لە لەناوبردنی دۆزی نوێی گەلی کوردستان لە ناوچەکەدا، ڕاگواستن و کۆمەڵکوژی و گۆڕینی دیموگرافییە، کە لەگەڵ هەموو بنەما نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ دژە.
ڕەوتی نەزانی و دوژمنکاریی ئەو هێزە، نەتەوەی کوردیان کردووەتە ئامانج، کە لە ماوەی ڕابردوودا بە خوێن و ئازایەتیی خۆی بەرەنگاری داعش بووەوە و شەڕیان بۆ مافی مرۆڤ و لەبری هەموو جیهان کرد. ئەم شەڕە جگە لە ئاستە سەربازی و سیاسییەکەی، شەڕێکی کولتووریشە و پێکدادانی دوو بەرە دوو شارستانیەتە؛ بەرەیەکیان شەڕ بۆ مافی ژن و ئازادییەکان و زانین و پێشکەوتن و ڕەنگاوڕەنگیی ژیان دەکات، بەرەی دەستدرێژکاریش شەڕ لە دژی ژن و ئازادییەکان و زانین و پێشکەوتن دەکات.
ئەکادیمیای خانیا لەو باوەڕەدایە بەردەوامیی دڕندەیی و ستەمکاری و دواکەوتوویی ئەم هێزانە لە ناوچەکەدا کە لەلایەن هەندێک دەوڵەتەوە پشتیوانی دەکرێن، بەرهەمی چەقبەستوویی عەقڵ و نەزانین و نائامادەیی زانستە، کە هەمیشە کۆسپی بەردەم پێشکەوتن و ژیانێکی ئاسوودە و شکۆدارانەیە لە ناوچەکەدا. ئێمە ئەم هێرشانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین و لە کۆتاییشدا هەر زانست ڕێگەی ڕووناکی و پێشکەوتن و ئازادی و سەردەکەوتنە.
ئەکادیمیای خانیا ٢٢ی ١ی ٢٠٢٦