لە مانگی ئایاری ٢٠٢٦، زانکۆی حوکمی دێمیدۆف لە هەرێمی یارۆسلاڤل لە فیدراسیۆنی ڕووسیا، میوانداریی کۆنفرانسی زانستی و پراکتیکیی نێودەوڵەتیی بە ناونیشانی «جەنگی سارد: وانە مێژووییەکان لە کارنامەی شەڕە تێکەڵەکانی مۆدێرن» کرد. ئەم کۆنفرانسە بە ئامانجی تاوتوێکردنی هۆکارەکان، ڕێڕەو و دەرئەنجامەکانی یەکێک لە درێژخایەنترین ڕووبەڕووبوونەوە جیۆپۆلیتیکییەکانی سەدەی بیستەم ڕێکخراوە.
لە چالاکییەکانی ئەم کۆڕبەندەدا، ژمارەیەک لە مێژوونووسانی پێشەنگی ڕووسیا، نوێنەرانی نێودەوڵەتی، زانایانی سیاسی، کەسایەتییە گشتییەکان و پیاوانی ئایینی بەشدارییان تێدا کرد. بەشداربووان لێکۆڵینەوەیان لەو بابەتە کرد کە ئەزموونی مێژوویی جەنگی سارد چۆن کاریگەریی لەسەر ململانێ تێکەڵە مۆدێرنەکان هەبووە و چ وانەیەک بۆ پاراستنی سەقامگیریی نێودەوڵەتی دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.
لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا، ڕێنوار خەلیل، نوێنەری ئەکادیمیای خانیا لە ڕووسیا، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد و بە توێژینەوەیەکی زانستیی بەشداری کرد بە سەرپەرشتی م.هەڤاڵ عەلی. ناونیشانی وتارەکەی بریتی بوو لە «جەنگی سارد وەک سەرچاوەی وانە لە سەردەمی ململانێ تێکەڵەکان: ڕۆڵی ئایدۆلۆژیا و پڕوپاگەندە»، کە تێیدا تیشکی خستە سەر ڕەهەند و پاشخانی مێژوویی ئەو ناوچەیە لەژێر کاریگەریی ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکاندا.