بەیاننامەی ئەکادیمیای خانیا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی
بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆزەوە، ئەکادیمیای خانیا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کورد و تەواوی ئازادیخوازان دەکات. نەورۆز بۆ ئێمە تەنها گۆڕانی وەرز نییە، بەڵکوو ڕەگێکی قووڵی لە کولتوور و ئەفسانەی ڕەسەنی کوردیدا هەیە؛ سیمبولی تێکشکانی تاریکی و ستەمە لەبەردەم ڕووناکی و دادپەروەریدا. لەبەر گرنگیی ئەم ڕەهەندانە، پێویستە نەورۆز وەک دیاردەیەکی دەوڵەمەند، زیاتر بکرێتە جێی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی وردی زانستی.
ئەم بۆنە مێژووییە لە ویژدانی نەتەوەییی ئێمەدا تەنها ئاهەنگ نییە، بەڵکوو هەمیشە هەوێنی بەرگریی میللی و سیاسی بووە. نەورۆز ئەو مەشخەڵەیە کە لە سەختترین قۆناغەکاندا، ئیرادەی تاکی کوردی بۆ پاراستنی ناسنامە و تێکۆشان لەپێناو ئازادیدا بە زیندوویی هێشتووەتەوە.
پەیامی ئێمە لە ئەکادیمیای خانیا ئەوەیە کە نەورۆز بکەینە فاکتەری نوێبوونەوەی هزری و زانستی. دەبێت ڕۆحی ئەم جەژنە ببێتە وزەیەک بۆ گەشە و پێشکەوتنی ئاییندەمان. ئەرکی ئێمەیە لە ڕێگەی زانست و مەعریفەوە، پەیامی ئاشتی و ئاوەدانیی نەورۆز بکەینە هەوێنی بنیاتنانی نیشتمانێکی پێشکەوتوو.
ئەکادیمیای خانیا
٢٧٢٤ی کوردی