نیکۆلا تێسلا پیاوێکی نهێناویی بوو کە دەیتوانی داهاتووی دوور ببینێت. هەرچەندە قەدری وەکو پێویست نەزانرا، بەڵام بە خولیای ئەو زانستەوە کۆچی دوایی کرد کە سەدەی بیستەمی گۆڕی. تەنیا چەند ساڵێک لەمەوبەر جیهان دەستی کردووە بە قەدرزانینی ئەو کارانەی کە بۆ مرۆڤایەتی کردوویەتی. بەڵام خۆی ئەو شتانەی بەلاوە گرنگ نەبوو.
تێسلا لە شەوێکی هاویندا لە ساڵی ١٨٥٦ لەدایکبووە، لە شوێنێک کە ئێستا پێی دەوترێت کرواتیا، کە ئەو دەڵێت زریان و بروسکە وایکرد مامانەکە بڵێت: «ئەو دەبێتە منداڵی زریان»، و دایکی بە شێوەیەکی پێشگۆیی پێغەمبەرانە بەرپەرچی دایەوە و وتی: «نەخێر، دەبێتە منداڵی ڕووناکی.»
ئەو بواری موگناتیسیی خولیی دۆزییەوە و داهێنانێکی کرد کە بنەمای زۆربەی ئامێرەکانی کارەبای گۆڕاوە (AC). هەروەها سیستەمی سێ فازیی گواستنەوەی وزەی کارەبای پەرەپێدا. لە ساڵی ١٨٩١ «کۆیل»ی (لوولپێچی) تێسلای داهێنا کە کۆیلێکی هاندەر (ئینداکشن) بوو و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ڕادیۆ، تەلەڤیزیۆن و تەکنەلۆژیاکانی تردا بەکاردەهێنرێت.
لە ساڵی ١٨٩٨ تێسلا داهێنانی خۆی بۆ بەلەمێکی بێتەلە ئۆتۆماتیکی ڕاگەیاند کە بە «ڕیمۆت کۆنتڕۆڵ» (کۆنتڕۆڵ لە ڕێگەی دوور) لێی دەخوڕا، کاتێک گومان دروست بوو، تێسلا تیۆرییەکەی خۆی بۆ ئەو کارە لەبەردەم خەڵکێکدا لە باخچەی مادیسۆن سکوێری سەلماند.
لە کۆلۆرادۆ سپرینگز لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ، کە لە مانگی ئایاری ١٨٩٩ تا سەرەتای ساڵی ١٩٠٠ لەوێ مایەوە، تێسلا ئەوەی بە گرنگترین دۆزینەوەی خۆی دەزانی—شەپۆلە گۆڕاوەکانی زەوی—بەم ئەنجام گەیاند. بەم دۆزینەوە سەلماندی کە دەتوانرێت زەوی وەک ڕێبەر (گەیەنەر) بەکاربهێنرێت و بکرێت بە لەرەلەرێکی (فرێکوێنسی) کارەبایی دیاریکراو بلەرێتەوە. هەروەها ٢٠٠ گلۆپی بەبێ وایەر لە دووریی ٤٠ کم (٢٥ میل) داگیرساند و بروسکەی دەستکردی دروست کرد؛ بروسکەگەلێکی بەرهەم هێنا کە درێژییەکەی ٤١ مەتر (١٣٥ پێ) بوو. لەو سەردەمەدا دڵنیا بوو کە لە تاقیگەکەیدا لە کۆلۆرادۆ سیگناڵێکی لە هەسارەیەکی دیکەوە وەرگرتووە؛ ئیدیعایەک کە لە هەندێک گۆڤاری زانستیدا ڕووبەڕووی گاڵتەپێکردن بووەوە.
لە ساڵی ١٩٠٠ (لە نیویۆرک)، تێسلا دەستی کرد بە دروستکردنی تاوەرێکی پەخشی جیهانیی بێ وایەر لەسەر دوورگەی «لۆنگ ئایلەند»، بە سەرمایەی ١٥٠ هەزار دۆلار لە دارایی سەرمایەگوزارێکی ئەمریکایی بە ناوی مۆرگان (J. Pierpont Morgan). تێسلا ئیدیعای کردووە و وتوویەتی کە سەرمایەکەی بە پێدانی ٥١٪ی مافی داهێنانەکانی لە بواری تەلەفۆن و تەلەگرافی بە مۆرگان مسۆگەر کردووە. پێشبینیی دەکرد پەیوەندیی جیهانی دروست بکات و ئاسانکاری بۆ ناردنی وێنە، نامە، ئاگادارکردنەوەی کەشوهەوا و ڕاپۆرتی کەلوپەل دابین بکات. پڕۆژەکە بەهۆی ترسێکی دارایی، کێشەی کار و کشانەوەی پشتگیرییەکانی مۆرگان وازی لێهێنرا. ئەمە گەورەترین شکستی تێسلا بوو.
لە ٧٥ ساڵەی لەدایکبوونیدا (١٩٣١) نامەیەکی پیرۆزبایی لەلایەن ئاینشتاینەوە پێگەیشت و لە بەرگی گۆڤاری تایمزدا نووسراوە، سێ کەسی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ ڕێزیان لە «یەکێک لە زیرەکییە دیارەکانی جیهان نا کە ڕێگەی بۆ زۆرێک لە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی سەردەمی مۆدێرن خۆش کرد.»
تێسلا کەسێکی سەرنجڕاکێش بوو. باسی لەوەش کرد کە خاوەنی یادگەیەکی وێنەیییە، کە یارمەتی داوە کتێب بەتەواوی لەبەر بکات و بە هەشت زمان قسە بکات. هەروەها ئیدیعای کرد کە زۆرێک لە باشترین بیرۆکەکانی بە بروسکەی ئاسمانی بۆی هاتوون، و پێش ئەوەی هەرگیز دەست بە دروستکردنی نموونەی سەرەتایی بکات، وێنەی وردی زۆرێک لە داهێنانەکانی لە مێشکیدا بینیوە.
لە خەیاڵی باودا تێسلا ڕۆڵی زانایەکی شێت دەبینێت. ئەو ئیدیعای کرد کە: ١) ماتۆڕێکی پەرەپێداوە کە بە تیشکی گەردوونی کار دەکات. ٢) کاری لەسەر فیزیکێکی نوێی نا-ئاینشتاینی دەکرد کە فۆرمێکی نوێ لە وزە دابین دەکات. ٣) تەکنیکێکی نوێی بۆ بیرکردنەوەی وێنەیی دۆزیبووەوە. ٤) تیشکێکی نوێی پەرەپێدابوو—بە یەکەوە ناوی «تیشکی مەرگ» و «تیشکی ئاشتی» لێنرابوو—کە توانای سەربازیی زۆر زیاتری لە تەقەمەنییەکانی نۆبڵ (تی ئێن تی) هەبوو.
یەکەی SIی چڕیی لێشاوی موگناتیسی، «تێسلا»، ناوی ئەوی هەڵگرتووە.